سوپاس پاڵه‌وانه‌کان، پابه‌ند ده‌بین به‌ ڕێنمایه‌کان بۆ پاراستنی هه‌مووان

 

دەمانەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەى سەرجەم هێزەکانی پۆلیس و پارێزەرانمان بکەین لەپای گرنگی پێدانی بەردەوامتان بە ئێمە و تەواوى هەوڵەکانتان لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان. سوپاسگوزارتانین لەبەرامبەر هەموو ئەو قوربانیانەى کە لە ڕابردوودا ئەنجامتانداوە و و لە ئێستاشدا لە ڕوبەڕووبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەنجامی دەدەن. هەوڵ و ماندووبوونی ئێوە نەبوایە ئێمە نەمامندەتوانی لەگەڵ خانەوادەکانماندابین.

سوپاس بۆ کارمەندانی بەشی خزمەتگوزارى بەپەلە و لەناکاو, دکتۆرەکان, پەرستارەکان, چاودێرانی تەندروستی و تەواوى کارمەندانی بوارى تەندروستی کە خۆ نەویستانە لەپێناو چارەسەرکردنی توشبووان خانەوادەکانی خۆیانیان لەماڵەوە بەجێهێشتووە. ئەم هەڵوێستە میهرەبان و هەوڵ و ماندووبوونەتان جێگای ستایشە.

سوپاس بۆ بەرپرسانی حوکومەت کە بە شێوەیەکی خێرا هەنگاوە پێویستەکانیان جێبەجێکرد لە پێناو ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەى ئەم ڤایرۆسە لە کۆمەڵگادا. هەر لە سەرەتاوە بڕیاردانتان لەبارەى گرتنەبەرى هەنگاوە پێویستەکان بە تووند جێگای دەستخۆشییە.

سوپاس بۆ خاوەن سوپەرمارکێتەکان, خزمەتگوزاریەکانی گەیاندن بۆ ماڵەوە, خێرخوازان کە بەردەوام لە کارکردندابوون بۆ دڵیابوون لەوەى کە سەرجەم هاوڵاتیان دەستیان بگات بە خۆراک و پێویستیەکانی ڕۆژانەیان لەم کاتە سەختانەدا.

سوپاس بۆ کەناڵە میدیاییەکان (بەهەموو جۆرەکانیانەوە) کە هەستان بە بڵاوکردنەوەی ڕێنماییە تەندرووستیەکانی تایبەت بە پاک و خاوێنی و پارێزگاریکردن لە تەندروستیمان.

ئێوە هەمووتان قارەمان و چاونەترسن, هەرگیز هەوڵ و خزمەتە خۆنەویست و بەردەوامەکانتان لەپێناو وڵاتماندا لەبیرناکرێت و لە یادەوەریدا دەمێننەوە.

دەبێت هەموومان ئەوە بزانین کە مانەوەمان لەماڵەوە ڕێکارێکی کاتییە و هەروەها لەئێستادا تەنها چارەسەرە بۆ پاراستنی گیانی خۆمان و ئازیزانمان. لەم کاتە سەختەدا هەموومان پێکەوەین و هەر پێکەوەیش بەسەریدا سەردەکەوین وەک چۆن پێکەوە لەڕابردوودا چەندین حاڵەتی سەخت و نەخوازراومان تێپەڕاندووە.

پاش تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە پێویستە ئەوەمان لەیادبێت کە هەرگیز نابێت تەندرووستی خۆمان, خانەوادەمان, هاوڕێ و هاوکارانمان, گۆمەڵگاکەمان بەکەم وەربگرین. وە نابێت گیانفیدای و قوربانی ئەوانەش لەبیر بکەین کە لە پێناو کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بێ ووچان لەکارکردندا بوون.

نزا و هاوسۆزیمان لەگەڵ تەواوى ئەو هاوڵاتیانەدایە کە تووشی ئەم پەتایە بوون. هیوای چاکبوونەوەى خێرا بۆ تووشبووەکان دەخوازین و هاوخەمی خۆمان ئاراستەى خانەوادەى قوربانیان دەکەین.

پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەدا سەردەکەوین و ژیان دەگەڕێتەوە ڕێچکەى ئاسایی خۆی. سوپاس بۆ هەموو لایەک و با هەموومان گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانبین.