ڕوونکردنەوەى کارتەکانی پارەدان

ڕوونکردنەوەى کارتەکانی پارەدان

 

کارتی پارەدان چییە؟

مەبەست لە بەرهەمهێنانی کارتەکانی پارەدان ئاسانکاریە لە ئەنجامدانی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و کەمتر پشت بەستن بە پارەى کاش. ئەم شێوەیە ئاسانترە و پارێزراوترە وەک لە پارەى کاش بەتایبەتی لەکاتی گەشتکردندا.

 

جۆرە جیاوازەکانی کارتی پارەدان چین؟

کارتی دێبیت – جۆرێکی کارتی پارەدانە کە پەیوەستە بە هەژماری بانکیەوە وە پێش ئەوەى بەکارى بهێنیت بۆ بازاڕیکردن پێوستە پارەى پێویست لە هەژمارەکەدا هەبێت.پاش ئەنجامدانی بازاڕیەکە دەستبەجێ خەرجیەکە لە بانکی خاوەن کارتەکەوە دەچێتە سەر هەژمارى فرۆشیارەکە.

کارتی کرێدی – جۆرێکی تری کارتی پارەدانە کە ڕێگات پێدەدات بە شێوەى قەرز ئەو بڕە پارەیە وەربگریت کە بانکەکەت یان دەزگایەکی دارایی سەربەخۆ بۆى دابینکردوویت. دەتوانیت کارتەکەت بەکاربهێنیت بۆ بازاڕیکردن وە دواتر خەرجیەکانت بۆ دەکرێت بە پسووڵە لەلایەن بەرهەمهێنەرى کارتەکەتەوە (بانک یان دەزگای دارایی سەربەخۆ).

ئەمەش واتای ئەوەى کە پێویست ناکات پارە لە کارتەکەتدا هەبێت بۆ کڕین و بازاڕیکردنەکانت. دەبێت لەماوەی مانگێکدا پارەى پسووڵەکانت بدەیت بەبێ بەرامبەر یاخود بە شێوەی قیست قەرزەکانت بدەیتەوە بەڵام قیستەکە سوودی دەخرێتە سەر. بڕى پارەى سوود لە سەرچاوەیەکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت.

ئەو بڕە پارەیەی کە بانکەکەت وەک قەرز بۆت دابیندەکات پەیوەستە بە نمرەى کرێدی تایبەت بە خۆتەوە.

نمرەى کرێدی لەڕێگەی چەند بەشێكەوە دیاریدەكرێت, وە ئەمەش بەگوێرەی سیستەم و یاساكانی وڵاتەكەت لەبارەی سێكتەری داراییەوە دەبێت.

ئەو بەشانە بریتین لە:

  1. ڕاپۆرتی پارەدان: بریتیە لە ڕاپۆرتێك كە ئاماژە بەوە دەكات ئایا كرێی پسووڵەكانت لەكاتی خۆیدا داوە یان نا.
  2. ئەو بڕە پارەیەی قەرزت كردووە: بڕی چەند پارە قەرزاریت لەو كارتە كرێدی و پسووڵانەی كە هەتبووە.
  3. ڕێژەی بەكارهێنانی بڕی ئەو قەرزەی بەردەستە: ئەگەر تەنها یەك كارتی كرێدیت هەیە بڕی چەند لەو قەرزە بەكاردەهێنیت و بەماوەی چەنێك بەكاری دەهێنیت. بۆ نموونە, ئەگەر كارتێكی كرێدیت هەبێت و سنووری 5000 دۆلاری هەبێت وە تۆ نزیكەی 4500 دۆلارت خەرج كردبێت و بتەوێت داواكاری پێشكەش بكەیت بۆ كارتێكی دیكە ئەوا ڕەنگە خاوەن قەرزەكە داواكەت ڕەتبكاتەوە وە یان تەنها بڕێكی كەی قەرزت پێبدات چونكە هەژمارەكەت وا نیشان دەدات كە نەتوانیت قەرزەكەت بدەیتەوە یان قیستی قەرزەكەت درەنگ بگەڕێنیتەوە.
  4. ماوەی بەكارهێنان: بریتیە لە ڕێژەی ناوەندی ئەو تەمەنەی كە هەژمارەكەت وەرگرتووە وە ماوەی چەند دەبێت كە ئەو هەژمارە بانكیانەت بەكارهێناوە.
  5. ڕێژەی كردنەوەی هەژماری تازە لەگەڵ بڕی قەرزی بەردەست: خاوەن قەرزەكان دەیانەوێت بزانن كە لەماوەیەكدا چەند جار هەژماری تازە دەكەیتەوە, بڕی ئەو قەرزە چەند كە لە هەژمارەكەت ماوە وە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەیت. بۆ نموونە, ئەگەر زیاد لە هژمارێكی بانكیت هەبێت وە لەگەڵ ئەوەشدا قەرزاری سەیارە, خانوو, و خوێندنەكەت بیت وە بەشێوەیەكی بەرهەمدار مامەڵەیان لەگەڵدا نەكەیت ئەوا كاریگەری دەبێت لەسەر نمرەكەت یان بڕی ئەو قەرزەی پێتدەدرێت.
  6. هۆکارەکانی ترى وەک مووچە, خاوەندارێتی خانوو, ماوەی مانەوەت لە یەک شوێندا.

 

تا ئەمڕۆش چەمكی نمرەی كرێدی لە عێراقدا بوونی نیە, بەهۆى نەبوونی سیستەمێکی گشتگیر و پەیوەست بەیەکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیارى بۆ دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەى لەسەرەوە باسکراون. لەبەر ئەم هۆکارە بانکەکان بۆ دابینکردنی کارتی کرێدی و ئەو بڕە پارەى بۆ قەرز دیاریدەکرێت تەنها پشت دەبەستن بە بڕە پارەیەکی کاش کە وەک دڵنیایی داوادەکرێت یاخود ئەو بەشداربووانەى کە کەسایەتییەکی ناسراویان هەیە لە ناو سێکتەری گشتی یان تایبەتدا.

کارتی پریپەید – جۆرێکی کارتی پارەدانە کە پەیوەندی بە هەژمارى بانکییەوە نیە و شێواز و کارایی کارتەکە وەک هەر جۆرێکی ترى کارتی پارەدان وایە و هەمان لۆگۆى تۆڕەکانی کارتی پارەدانی لەسەرە وەک ماستەرکارت , ڤیزا, دیسکەڤەرى, ئەمێریکان ئێکسپرێس, هتد. تۆڕەکانی کارت بریتین لە کۆمپانیای خزمەتگوزارى دارایی كە هەڵدەستن بە كاراكردن و جێبەجێكردن و چارەسەركردنی ڕێكارەكانی پارەدان لەنێوان بانكەكانی بەرهەمهێنەری كارت و بانكی فرۆشیارەكان لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەو بڕە پارەیەی کا لە ڕێگەی کارتی پریپەیدەوە خەرجی دەکەیت هەمان ئەو بڕە پارەیەیە کە لەسەرتاوە دەیخەیتە سەر کارتەکەت, ئەمەش بەواتای ئەوەى بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت لەو پارەیە زیاتر بەکاربهێنیت کە لە کارتەکەتدا هەیە و هیچ بڕە پارەیەکی سوود ناخرێتە سەرى وەک ئەوەى لە کارتەکانی کرێدی و دێبیت هەیە.

هەروەها, جیاواز لە کارتەکانی دێبیت و کرێدیت هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە خاوەنی کارتی پریپەید لەڕێگەى تەنها ناسنامەیەکی کەسییەوە. لەبەر ئەم خاسیەتە کارتی پریپەید کارتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو کەسانەى کە پەیوەندیان بە بانکەوە نیە وە یان ئەو پێداویستیانەیان نیە کە بانکەکان داوای دەکەن بۆ زیاتر ناسینی بەشداربووەکانیان وەک دوو جۆر ناسنامەی کەسی, بەڵگەی شوێنی مانەوەى هەمیشەیی, پشتگیرى خاوەن کارەکەی, زانیارى مووچەکەى, و چەندانی تر. بەشێکی تر لە هاوڵاتیان سەرەڕای هەبوونی کارتەکانی کرێدی و دێبیت لەهەمان کاتدا دەیانەوێت ببنە خاوەن کارتی پریپەیدیش چونکە دەتوانن بە ئاسانی بەکارى بهێنن بۆ ڕیکخستنی بودجەکانیان و بەڕێوەبردنی پارەکانیان بەشێوەیەکی درووست.

بانکەکان و ڕێکخراوە داراییە سەربەخۆکان دەتوانن کارتی پریپەید بەرهەمبهێنن. لە چەندین وڵاتی جیهاندا تەنانەت فرۆشگاکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی تر دەتوانن بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە داراییەکاندا کارتی کرێدی و پریپەید بەرهەمبهێنن. بەڵام تا ئێستا ئەم شێوازە لە عێراقدا کاری پێناکرێت.